فیلمی ئایلان-ی دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر، كە بەسپۆنسەری زانكۆی نۆلج بەرهەمهێنراوە، لە ڤێستیڤاڵێكی سینەمایی نێونەتەوەیی لەوڵاتی تونس بەشداری دەكات و كێبڕكێی بردنەوەی خەڵات دەكات.
دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر، لەبارەی بەشداریكردنی فیلمەكەی لەو فێستیڤاڵە بە خەندان-ی راگەیاند “فیلمی ئایلان لە ڤێستیڤاڵی نێونەتەوەیی قیلیبییە بەشداری دەكات كە لەوڵاتی تونس بەڕێوە دەچێت و كێبڕكێی بردنەوەی خەڵاتی فێستیڤاڵەكە دەكات”.
ئاماژەی بەوەشكرد، ڤێستیڤاڵەكە ئەمڕۆ یەكشەممە دەستپێدەكات و تاوەكو 18ی ئابی 2018 بەردەوام دەبێت.
لەبارەی چیرۆكی فیلمەكەوە دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر وتی، “چیرۆكی فیلمەكە باس لە ئەیلان كوردی دەكات كە لە سوریا شەڕ دەستپێدەكات لەگەڵ خێزانەكەی رێگەی تاراوگە دەگرنە بەر و بەرەو توركیا بەڕێدەكەون، بەڵام لەوێ بەر لەوەی بگەن بە كەناری ئارامی شەپۆلەكانی دەریا دەیكاتە قوربانی”.
فیلمی سینەمایی ئایلان لەلایەن جوبرائیل ئەبوبەكر، كاری دەرهێنانی بۆ كراوە و ئومێد رۆژ كاری مۆسیقای فیلمەكەی جێبەجێكردووە و هەروەها ئالان رۆژبەیانی كاری گرافیك و دیزاینی فیلمەكەی جێبەجێ كردوە.
دواهەمین فیلمی سینەمایی دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر فیلمێك بوو بەناوی (بێدەنگی ئاسمان) كە لەكەمتر لە ساڵێكدا لە 54 ڤێستیڤاڵی سینەمایی جیهانیدا بەشداری كردو چەندین خەڵاتی بەدەستهێنا.
جوبرائیل ئەبوبەكر رەحمان، لە دایكبووی ساڵی 1983ی شاری هەولێرە، لەساڵی 2001ەوە دەستیداوەتە كاری سینەمایی و لەنزیكەی 40 كورتە فیلمدا یاریدەدەری وێنەگر بووە و لە 13 فیلمی سینەمایی درێژیشدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لەساڵی 2010ەوە كاری دەرهێنانی سینەمایی دەكات.