زانیارییەکانی دۆسیەی مستەفا سەلیمی لە پەرلەمانەوە دەنێردرێتە ئەنجوومەنی وەزیران

پێنج پەرلەمانتاری کوردستان ئەنجامی بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەی مستەفا سەلیمی، داوەتە پەرلەمانی کوردستان و بە واژۆی جێگری سەرۆکی پەرلەمان نێردراوە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران.
بەپێی بەدواداچووی ئەو پێنج پەرلەمانتارە، مستەفا سەلیمی دوای هەڵاتنی لە زیندانی سەقز دەچێتە گوندی سیاگوێزی سەر بە شارۆچکەی گەرمکی پێنجوێن، دوای ئەوەی لە مزگەوتی گوندەکە دەمێنێتەوە سیروان ناوێک ئاسایش ئاگاداردەکاتەوە. ئاسایش دواتر دەیبەنە باشماخ و لەوێ کەرەنتینی دەکەن.
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارانە، مستەفا سەلیمی پێش لەسێدارەدانی بە کەسوکارەکەی گوتووە چووتەوە باشووری کوردستان و لەوێوە تەسلیمی ئێران کراوەتەوە. کەسوکارەکەی پەیوەندییان بە عەلی جەوانمەردییەوە کردووە و ئاگاداریان کردووەتەوە لە زانیارییەکان بۆ ئەوەی رێگریی بکەن لە لەسێدارەدانی، بەڵام لە رۆژی 11-4-2020 لەسێدارەدرا.
