گەنجێک بەهۆی نەبوونییەوە خۆی سووتاند و گیانی لەدەستدا

رێکخراوی ئاشتی بۆ مافەکانی مرۆڤ

پۆلیسی سلێمانی راگەیاند، لە سلێمانی لە گەڕەکی سەرکارێز گەنجێک بەهۆی نەبوونییەوە خۆی سووتاند و گیانی لەدەستدا.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی  راگەیاند، “دوای نیوەڕۆی شەممە 2020/07/04 گەنجێکی 16 ساڵان لەسلێمانی  بەهۆی نەبوونییەوە خۆی سوتاند و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، بەدانەوە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا”.
ئاماژەی بەوەشدا، “باوکی گەنجەکە لە چێشتخانەیەکدا شاگردە و خۆیشی شاگردی فیتەرە. لە کەلاوەیەکی پشت ماڵی خۆیان لە گەڕەکی سەرکارێز ئاگری لە خۆی بەرداوە. گەنجەکە گوتوویەتی بەهۆی خراپیی بژێوی ژیانیانەوە خۆی سووتاندووە”.

ئەمە دووەمین رووداوی هاوشێوەیە کە لەبەر “نەبوونی و قەرزاری” لە ماوەی تەنیا شەش رۆژدا لە سلێمانی دووبارە دەبێتەوە. پێشتریش ئێوارەی 29ی حوزەیرانی 2020 پیاوێکی بەتەمەن لەناو باخی گشتیی سلێمانی خۆی سووتاند و بەو هۆیەوە رۆژێک دواتر گیانی لەدەستدا.