لە ماوەی تەنها یەك ڕۆژدا دوو هاوڵاتیی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیان لەدەستداوە.
دوێنێ منداڵێک لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات لە ناوچە سنوورییەکانی شاری دێهلۆڕان سەر بە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیلەدەستدا.
هەر دوێنێ لە سنووری قەزای پێنجوێن، بەهۆی تەقینەوەی مینەوە شوانێکی دیكەی كورد گیانیلەدەستدا.
بەپێی زانیاریی ڕاگەیەندراو، ئەو شوانەی لە شاری دێهلۆران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانیلەدەستداوە، منداڵ بووە و تەمەنی تەنها 10 ساڵ بووە، ئەندامی ئەو خێزانانە بووە کە کۆچ دەکەن بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کاروباری مین – سلێمانی لەبارەی ڕووداوەكەی باشووری كوردستانەوە ڕایگەیاندووە، ئێوارەی دوێنێ بەهۆی تەقینەوەی مینەوە لە سنووری پێنجوێن شوانێک گیانیلەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مین، ئەو کەسەی مینەکەی پێدا تەقیوەتەوە ناوی “ئیبراهیم عەبدوڵا”یە و تەمەنی 39 ساڵە و خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام بەهۆی نەشارەزایی لە جوگرافیای ناوچەکە چووەتە ئەو شوێنە.