بەپێی دوایین رووپێوی رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان 9%یە

ڕێكخراوی ئاشتی بۆ مافەكانی مرۆڤ

بەپێی دوایین رووپێوی رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان 9%یە

بەپێی رووپێوییەكانی دەستەی ئامار، رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان بەروارد بە كاتی قەیرانی دارایی 4.5% كەمی كردووە، بەڵام داتاكانی وەزارەتی كار دەریدەخەن قەیرانی دارایی هێشتا كاریگەرییەكەی ماوە، بەجۆرێك لە ماوەی 18 مانگی رابردوودا 8625 كرێكاری دەستەبەركراو كاریان نەماوە.   
بەپێی ستانداردی جیهانی، 4% تاوەكو 5% ی بێكاری لە هەر وڵاتێكدا رێژەكی ئاساییە، بەڵام لە سەرووی ئەم رێژەیە لێكەوتەی خراپی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی دەبێت.
بۆ دیاریكردنی قەبارەی هێزی كار و رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان، ساڵی 2012 دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان بەهاوكاریی دامەزراوەی رەندی ئەمەریكی رووپێوییەكی كرد، بەپێی رووپێوییەكە، لەو ساڵەدا 38.4%ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان كە تەمەنیان لە 15 بۆ 64 ساڵ بووە، كاریان هەبووە.
 تەنیا 7.9%  كاریان نەبووە. لە ساڵی 2013 رێژەی بێكاری بۆ 6.5% دابەزیوە و تەنیا 87 هەزار كەس دەرفەتی كاریان دەستنەكەوتووە. لە ساڵی 2014 سەرەڕای بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، بەڵام زۆر كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی رێَژەی بێكاری نەبووە، رێژەكە بۆ 6.53% بەرزبووەتەوە، بەڵام لە ساڵی 2015  بێكاری بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 13.53%.
ساڵی 2016 هیچ رووپێوییەك نەكراوە، بەڵام لە ساڵی 2017 دەستەی ئامار بەهاوكاریی رێكخراوی IOM و   لە رێگەی رووپێوییەك قەبارەی هێزی كار و رێژەی بێكاری دەستكەوتووە. رێژەی بێكاری لە پارێزگاكان بەم شێوەیە بووە: هەولێر 9.2%، سلێمانی 9.4% و دهۆك 13.8%.
گوهدار محەممەد عەلی، بەرپرسی بەشی ئاماری دانیشتووان و هێزی كار لە دەستەی ئامار دەڵێت: “بەپێی رووپێوییەكان، نەمانی شەڕی داعش و رێككەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران و نەمانی پاشەكەوتی مووچە، كاریگەری زۆریان لەسەر بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان هەبووە، بەو هۆیەوە رێژەی بێكاری لە ساڵی 2017 بۆ 10.1% و لە ساڵی 2018 بۆ 9% دابەزیوە”.
گوهدار محەممەد دەڵێت بارودۆخی هەرێمی كوردستان لەڕووی دەرفەتی كارەوە بەراورد بەپێشتر باشتر بووە، بەڵام هێشتا كاریگەری قەیرانی دارایی بەسەرەوە ماوە، بەراورد بەعێراقیش بارودۆخی هەرێَمی كوردستان باشترە، چونكە بەپێی داتاكان رێژەی بێكاری لە عێراق لە سەرووی 16%یە و لە هەندێك شاریش دەگاتە نزیكەی 20%”.
محەممەد موحسین، پسپۆڕی ئابووری و مامۆستا لە كۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووریی زانكۆی سەلاحەددین، دەڵێت: “بە بەڵگەوە ئەم داتایانەی دەستەی ئامار لەسەر رێژەی بێكاری دەیخاتەڕوو راست نین، چونكە سەرژمێریی گشتی نەكراوە، كاتێك ئامارت نەبێ‌، ناتوانی لەسەر بنەمای خەمڵاندن رێژەی راستەقینەی بێكاری دەستنیشان بكەی، جگە لەوە ئەو میتۆدانەی دەستەی ئامار بۆ بێكاری كاری لەسەر دەكات بۆ وڵاتێكی ناسەقامگیری وەك كوردستان گونجاو نییە. ئەو میتۆدانە بۆ وڵاتێك دەكرێت بەكاربێت كە خاوەنی داتابەیس و ژمارەی راستەقینەی كرێكاران و هێزی كار بێت، بۆیە پێموایە رێژەی بێكاری زۆر لەوە زیاترە كە دەخرێنەڕوو”.
عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، دەڵێت: “هێشتا كاریگەری قەیرانی دارایی بەسەر هەرێمی كوردستانەوە ماوە، بۆ نموونە ساڵی رابردوو 5653 كرێكاری دەستەبەركراو، كاریان لەدەستداوە، هەروەها لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵیشدا 2972 كرێكاری دەستەبەركراوی دیكە كاریان نەماوە”.
عارف حیتۆ ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بەردەوامە لە كردنەوەی خولی فێربوونی كار و دەڵێت: “تەنیا لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 130 خولمان هەبووە و 1267 گەنجی بێكار بەشدارییان تێدا كردووە،  هەندێكیان لە رێگەی ئەم خولانەوە بوونەتە خاوەن كاری خۆیان و هەندێكیشیان لە بازاڕ كاریان دەستكەوتووە”.
بۆ دابینكردنی ماف و ئیمتیازاتی زیاتر و رەخساندنی هەلی كار، وەزارەتی كار هەوڵدەدات یاسای كار هەموار بكاتەوە و سندوقی پرۆژە بچووكەكان بەگەڕبخاتەوە.
عارف حیتۆ دەڵێت: “لە رەشنووسی پرۆژەكەدا زۆر ئیمتیازی بۆ كرێكار تێدایە، بۆ نموونە خاوەنكار بۆی نییە هەركات بیەوێت كرێكار دەربكات، بەڵكو دەبێت بەپێی هەندێ رێوشوێن بێت. لە ساڵێكی كار 20 رۆژ بە مووچەوە مۆڵەتی دەدرێتێ‌، لە هەفتەیەكیشدا رۆژێكی پشووە. لە پشووە فەرمییەكانیش دەبێ‌ پشوویان بدرێتێ‌”.
بەپێی ئاماری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، لە ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگی رابردوودا لەڕێگەی كۆمپانیاكانی هاوردەكردنی كرێكار كە ژمارەیان 163 كۆمپانیایە، 11 هەزار و 164 كرێكاری بیانی (1.644 كرێكاری پرۆژە، 9.520 خزمەتكاری ماڵ ) هێنراونەتە هەرێمی كوردستان.
عارف حیتۆ، دەڵێت: “بەراورد بە پێشتر هێنانی كرێكاری پرۆژەمان زۆر كەمكردووەتەوە، چونكە تا كرێكاری ناوخۆ هەبێت رێگە نادەین كۆمپانیاكان كرێكاری بیانی بهێنن، بەڵام بۆ كرێكاری ناوماڵ لەبەر ئەوەی هێشتا خەڵكی كوردستان بەهۆی هەندێ دابونەریت ئیشی ناوماڵ  ناكەن، بۆیە بەپێی خواست رێگەمان بە كۆمپانیاكان داوە كرێكاری ناوماڵ بهێنن”.
داوای دەكەن و نایانەوێ‌
وەزارەتی كار، لە رێگەی حەوت سەنتەری بەكارخستنەوە كار بۆ بێكاران دەدۆزێتەوە. بەپێی ئاماری وەزارەتی كار، ساڵی رابردوو 2401 بێكار داوای كاریان كردووە، سەنتەرەكانیش 1193 دەرفەتی كاریان دۆزیوەتەوە، پەیوەندییان بە 1259 بێكارەوە كردووە، 664 بێكار بە كارەكان رازی نەبوون. 146 كەسیش وەڵامیان نەداوەتەوە، 123 كەس خۆیان كاریان دزیوەتەوە، تەنیا 326 كەس چوونەتە سەر كار.
هەنگاو عەبدوڵڵا، سەرۆكی مەكتەبی تەنفیزی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان، دەڵێت: “كرێی ئەو كارانەی سەنتەرەكان دەیدۆزنەوە كەمە، یان خاوەنكارەكە كاری زیاتری لە كرێكارەكە دەوێت، بۆیە كرێكاران پێی رازی نین”.