ئەیاد کاکەیی: دەست هەڵناگرین و بەرپرسیارین لە دۆسییەی ئەو منداڵەی دەستدرێژی سێکسی کرایەسەر

رێکخراوی ئاشتی بۆ مافەکانی مرۆڤ

 

سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لقی هەولێر، ئەیاد کاکەیی، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، کە دەستهەڵناگرن لە دۆسیەی ئەو کچە حەوت ساڵەی ساڵی ڕابردوو دەستدرێژی کرایەسەر، ئێمە بەرپرسیارین لەو دۆسیەیە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لقی هەولێر ڕایگەیاند، دۆسیەی کچە حەوت ساڵە ئێستاش لە دادگای لێکۆڵینەوەیە، ئەرکی ئەنجوومەنی دادوەری، داواکاری گشتی سەندیکای پارێزەران و دەزگاکانی ڕاگەیاندنیشە بەردەوامی بە دۆسییەکە بدەن تاوەکو تۆمەتبارەکان بدۆزرێتەوە.

وتیشی، “باوکی ئەو منداڵە ڕۆژی هەینی دەستگیرکرا، هەرچەندە کاک لوقمان کە باوکی ئەو منداڵەیە لە 3ی ئازار سکاڵای لەسەر تۆمارکرا، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەو ڕێوشوێنانەی کە دانراون نەیتوانی بڕواتە دادگا بەڵام دوو ڕۆژ لەمەوبەر برایە بەردەم دادگا.

باسیلەوەشکرد، ئێمە داوامان لە دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە کردووە کە باوکی ئەو کچە ئازاد بکەن چونکە ئەو ماددانەی ئەوی پێ دەستگیرکراوە دەتوانرێت بە کەفالەت ئازاد بکرێت، چونکە کجەکەشی دایکی نییە و بێسەرپەرشەتە بۆیە داواکارین دادگا ئەمڕۆ وەڵاممان بداتەوە و کاک لوقمان ئازاد بکات.

دوێنێ ئەو کچەی کە دەستدرێژی سێکسی کرایەسەر، بە تۆری میدیایی ئێستای وت، باوکم لە ماڵەوە بووە و چوار پۆلیس هاتوون باوکمیان کەلەپچە کردووە و بردوویانە.

هەر ئەمڕۆش لە هەولێر کەسوکاری ئەوانەی تۆمەتبارن بە دەستدرێژی کردنە سەر کچە حەوت ساڵانەکە گردبوونەوەیان ئەنجامدا و داوایانکرد دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن چونکە بێتاوانن و هیچ بەڵگەیەکیان نییە.