لەسەر سکاڵایەکی ئاسایشی گەرمیان ڕۆژنامەنووس کاروخ عومەر سەرنووسەری سایتی سنوور میدیا لە کەلار لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و، کەسوکارەکەشی دەڵێن، “ئاسایش پێشتر سکاڵاکەی لە دادگا کشاندووەتەوە”.
عەلی جەمال قەدووری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕاگەیاند، “ئەو ڕۆژنامەنووسە لەسەر سکاڵای نوێنەری یاسایی ئاسایشی گەرمیان و بە مادەی دووی یاسای خراپ بەکارھێنانی مۆبایل دەستگیرکراوە”.
ئەوەش لەکاتێکدایە، کە بە وتەی سەباح عەلی قارەمان مامی ئەو ڕۆژنامەنووسە، “پێشتر ئاسایش سکاڵاکەی لە دادگا کشاندبووەوە، بەڵام وتەبێژەکەی پۆلیس دەڵێت سەرباری کشانەوەی سکاڵاکە بەڵام دۆسیەکە و فەرمانی دەستگیرکردنی کاروخ عومەر وەک خۆی ماوەتەوە و سبەی دادگا بڕیار لەسەر ئەو کەیسە دەدات”.
دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس کاروخ عومەر لەسەر “بابەتێکی ڕەخنەیی” بووە، لەسەر ئاسایشی گەرمیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و، بە تۆمەتی “ناوزڕاندن” پێشتر ئاسایشی گەرمیان لە دادگای کەلار “سکاڵا”ی لەسەر تۆمار کردبوو.